٢٨ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٨:٤٩
عێراقیش ڤیزه به ئەمریکا نادات

لە بەیاننامەیەکدا حسێنی کە ئەمڕۆ ٢٨ کانونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات لیژنەکەیان تاوتوێی ڕێگری کردن لە وەرگرتنی ڤیزای ئەمەریکا دەکات، بە تایبەت بڕیاری سنوردارکردنی کۆچ لە عێراقەوە بە ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا


ئەحلام حسێنی بریاردەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکەیان بە نیازە گفتوگۆ لەسەر شێوازێکی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی بڕیارەکەی ئەمەریکا بکەن، کە ڕێگە نادات بە هاتنی پەنابەر و هاووڵاتی عێراقی و چەند وڵاتێکی تر بۆ ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

 لە بەیاننامەیەکدا حسێنی کە ئەمڕۆ ٢٨ کانونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات لیژنەکەیان تاوتوێی ڕێگری کردن لە وەرگرتنی ڤیزای ئەمەریکا دەکات، بە تایبەت بڕیاری سنوردارکردنی کۆچ  لە عێراقەوە بە ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان وتی "لە دوو ڕۆژی داهاتوودا میوانداری لە لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوە دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئالیەتی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی بڕیارەکەی ئەمەریکا، لە پێناو پاراستنی هەیبەتی هاووڵاتی عێراقی".

ئەوە لەکاتێکدایە ئاژانسەکانی هەواڵ ئەمڕۆ ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاویانکردەوە، لە فڕۆکەخانە قاهیرە ڕێگە بە ٥ هاووڵاتی عێراقی و یەمەنییەک نەدراوە، کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی میسرەوە گەشتی نیویۆرک بکەن، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا ڕێگە نەدرێت بە هاووڵاتیانی ٧ دەوڵەت کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان موسڵمان، سەردانی ئەمەریکا بکەن ویەکێکیش لەوانە عێراقە.

 بەگوێرەی هەواڵ ئەو ٥ هاووڵاتییە عێراقییە سەرەڕای ئەوەی کە ڤیزاشیان هەبووە بۆ گەشتەکەیان، بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە گەشتی نیویۆرک بکەن و گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق و یەمەن.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قەتەری هاووڵاتیانی ئەو ٧ دەوڵەتەی کە ڕێگرییان لێکراوە گەشتی ئەمەریکا بکەن، ئاگاداری کردنەوە پێویستە ئەو کەسانە هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتانی بیانی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بن، ئەوکاتە دەتوانن لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی قەتەرییەوە سەردان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکەن.

ئەو دەوڵەتانەش کە بە بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا ڕێگە بە هاووڵاتییەکانیان نادرێت سەردانی ئەو وڵاتە بکەن، بریتین لە عێراق و یەمەن و ئێران و لیبیا و سۆماڵ و سودان و سوریا.